دیتنی ئاڵا
سه‌د شوکور وا من نه‌مردم، تاکه‌ دیم ئاڵای کورد (1)
که‌وته‌ به‌رچاوم به‌ به‌رزی، سووره‌ت و سیمای کـورد
بازبوو، دووڕا بوو دیده‌ی نه‌رگسی شه‌هلای کـــــورد
مژده‌ بێ ئه‌مڕۆکه‌ به‌ر بوو، چاوی پڕ بینای کـــــــورد
هه‌ر بژی ئاڵای کورد و پێشه‌وای زانای کـــــــــــــورد

چه‌ند زمانێکه‌ ئه‌سیرو ژێر چه‌پۆکه‌ی عاله‌مـــــــــــــــن
سه‌رکز و بێ قیمه‌تی به‌رچاوی زاده‌ی ئاده‌مــــــــــــــن
دیلی زیندانی نه‌زانین، مه‌ستی باده‌ی ماته‌مـــــــــــن
بانگ که‌نه‌ یه‌کتر هه‌مووتان، چونکه‌ ئه‌مڕۆ بێ خـه‌من
هه‌ر بژی ئاڵای کورد و پێشه‌وای زانای کـــــــــــــــــورد

بانگ که‌نه‌ ئه‌رواحی پاکی ئه‌رده‌ڵانی نڕه‌شـــــــــێر
یا بڵێن کاوه‌ له‌ کوێێ؟ ڕۆژی هه‌زار یادت به‌خـــــێر
بێننه‌ به‌رچاوی خۆتان، هه‌ڵمه‌تی زه‌ندی دلــــــــــێر
هه‌ر بڵێن ئه‌م شێعره‌ ئه‌هلی کۆهسار و گه‌رمه‌سێر
هه‌ر بژی ئاڵای کورد و پێشه‌وای زانای کـــــــــــــــورد

قه‌ت له‌ بیرت ده‌رنه‌چێ کورده‌، زڕه‌ی زنجیری پێــــــت
تۆ ته‌ماشاکه‌، له‌ ده‌س بێگانه‌کان چی هاته‌ رێــــــــــت
کۆنێ بابی گۆڕ غه‌ریب و؟مامه‌که‌ی بێ شوێن و جێت؟
کورده‌ چۆن تۆ دڵ برینی، شلکه‌ بۆ ئه‌م شێعره‌ گـوێـت
هه‌ر بژی ئاڵای کورد و پێشه‌وای زانای کـــــــــــــــــــــورد


نه‌به‌ته‌، باراشت لێکه‌، ئاشی گێتی که‌وته‌ گــــــــــه‌ڕ
شێر نه‌ته‌ساوه‌ له‌ به‌زم و شۆڕشی مه‌یدانی شــــــه‌ڕ
گوێ نه‌ده‌ی هه‌رگیز به‌ هاشه‌ و هوشه‌ی ئه‌بابی زه‌ڕ
هه‌ڵگره‌ ئه‌م ده‌سته‌ شێعره‌و دابنێ سه‌د سه‌وڵی ته‌ڕ
هه‌ر بژی ئاڵای کورد و پێشه‌وای زانای کــــــــــــــــــورد


سه‌د شوکور، وا ئه‌رزه‌ڕۆم و وان و بیتلیس و چه‌چــــــــان
ده‌ستی دایه‌ ده‌ستی هه‌رکی، کوردی زازاو بــــــــــه‌بــــان
شاری خه‌رپوت و جه‌زیره‌ و مه‌نتیقه‌ی بـــــــــــه‌رزانیـــــان
با به‌ به‌سته‌و و چه‌پڵه‌ بێژین، ده‌م به‌ ده‌م شام و به‌یان
هه‌ر بژی ئاڵای کورد و پێشه‌وای زانای کــــــــــــــــــــــــورد


خانه‌قین مژده‌ ئه‌دا، ئه‌مڕۆ به‌ دیاربه‌کر و هـــــــــه‌رات
پێچه‌انه‌ی ده‌وری پێشوو، ڕۆژ له‌ شیمال و هــــــــــه‌ڵات
سه‌یری تیشکی که‌! چلۆن رووناکی خسته‌ سه‌ر وڵات؟
ئه‌م وتاره‌ بیری دڵ بێ، چاکه‌ بۆ ڕێگه‌ی نـــــــــــه‌جات
هه‌ر بژی ئاڵای کورد و پێشه‌وای زانای کـــــــــــــــــــورد

"قانع"